ئەفسەرانی بنکەی پۆلیسی ١٦ی سەعدی لە کرماشان، بە ڕێنوێنی ڕاستەوخۆی فەردین کەریمی، بەرپرسی ئەو بنکەی پۆلیسە، هەڵیانکوتایە سەر سێ خانەوادەی کرێکار لە گەڕەکی سەعدی و بە توندی لێیان دان و تەنانەت بە شێوەیەکی فیزیكی و زارەکی دەستدرێژییان کردە سەر ژنانی ناو خانەوادەکە.ئەو کردەوە دڕندانەیە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئەو سێ خانەوادە کرێکارە، بە سەرمایەیەكی كەمەوە، لە پارچە زەوییەکی چۆڵدا دكەیەكی بچووکی هاوبەشییان بەڕێوە دەبرد. دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنی بیناسازی لەسەر ئەو پارچە زەوییە دەستیپێکرد، خاوەنی نوێ بە پشتگوێخستنی بڕیاری کۆتایی دادگا لە قازانجی کرێکاران، دەستی کرد بە پێدانی بەرتیل بە بنکەی پۆلیس. هێزەکانی بنکەی پۆلیس، بەبێ هیچ فەرمانێکی یاسایی، دكەكەیان ڕووخاند و بە توندوتیژییەوە هێرشیان کردە سەر کرێکاران و بنەماڵەکانیان.ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە برینداربوونی سەختی سێ برای کرێکار دەکەن، شكانی ددانی هاوسەری یەكێك لەوان، دەرهێنانی قژ و لێدانی دوو ژنی دیکەی ناو خێزانەکە لەلایەن خودی بەڕێوەبەری پۆلیس و ئەفسەرەکانییەوە، هەروەها شكاندنی کەلوپەلی کەسی; وەک مۆبایل بۆ لەناوبردنی بەڵگەنامەکان.لە کردەوەیەکی دڕندانەی دیکەی هەمان دەزگای گەندەڵ، ئێستا بە هەڵبەستنی دۆسیەیەکی ساختە بە ناوی "دەرگیری لەگەڵ ئەفسەران" لەسەر كرێكارە بریندارەكان، بە نیازی دۆسیەسازی و بەلاڕێدابردنی لایەنی یاسایی ڕووداوەكەن.