وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمان، بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە بە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان ڕاگەیاندووە کە پلانیان هەیە میکانیزمی "ماشە" بۆ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ڕژیمی ئێران دەستپێبکەن.ئاکسیۆس بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە، ئەو میکانیزمە کە بەشێک بووە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥، ڕێگە بە وڵاتانی واژۆکار دەدات کە سزاکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ڕژیمی ئاخوندی بسەپێننەوە، دوای زنجیرەیەک هەنگاو ئەگەر ڕژیمی ئێران بەڵێنەکانی پێشێل بکات. ئەم میکانیزمە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەموو سزا هەڵپەسێردراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دەگەڕێنێتەوە و فشارێکی ئابووری گەورە دەخاتە سەر ڕژیمی ئاخوندی.