بە پێی ڕاپۆرتەکان، هونەرمەند و ئاوازدانەر، هۆشمەند عەقیلی، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. مورتەزا بورجەستە، گۆرانیبێژ، لە پۆستێکدا لە ئینستاگرام نووسیویەتی کە عەقیلی دوای چەندین ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکدا لە لۆس ئەنجلۆس کۆچی دوایی کردووە.هۆشمەند عەقیلی، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری بەناوبانگی مۆسیقای سوننەتی و کلاسیکی ئێران، لە ٣ی گەلاوێژی ١٣١٦ی هەتاوی لە شاری ئەسفەهان لەدایکبووە. لە تەمەنی لاوێتیدا حەزی لە مۆسیقا بووە و بە هاندانی خێزانەکەی، ڕێچکەی هونەریی خۆی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی مۆسیقای سوننەتی ئەسفەهان دەستپێکردووە. عەقیلی خوێندنی خۆی لە دواناوەندی ئەدەب و پاشان لە بواری ئەدەبیاتی ئینگلیزیدا تەواو کردووە. حەز و خولیای بە گۆرانی وتن وای لێکردووە کە بچێتە پۆلەکانی مامۆستایانێک وەک تاج ئەسفەهانی، مەحمود کەریمی و ئیسماعیل مێهرتاش؛ ئەم ڕێچکەیە ڕێگەی بۆ چوونە ناو ڕادیۆ و شانۆ فەرمییەکان خۆشکرد. یەکەم کاری دیاری بە ناوی "ساقینامە" و ئاوازدانەری مێهرتاش، ناوی لەنێو هەوادارانیدا چەسپاند.