بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕێبەرانی حەماس لە شاری دۆحەی قەتەر لە لایەن هێزیی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیران. سەرچاوەکانی كاناڵی ئەلعەرەبیە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ ڕایانگەیاند کە خەلیل ئەلحەیە، زاهیر جەبارین، خالد مەشعەل و نزار عەوەزڵڵا، سەرکردە باڵاکانی گرووپی ترۆریستی حەماس لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحەی قەتەر کوژراون. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، پێنج سەرکردەی حەماس، لەوانە ئەلحەیە و جەبارین، لەو کۆبوونەوەیە بوون کە کراوەتەئامانج. هێرشەکە کە لەلایەن سپای ئیسرائیل و شین بێتەوە بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی ئاسمانی كراوە، بە کردەوەیەکی "ورد" وەسف کراوە و سەرکردە ئامانجدارەکان ڕاستەوخۆ بەرپرسیاری ئۆپەراسیۆنی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣یان لە ئەستۆ بووە. بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە هێرشەکە ئاگادار بووە و پشتیوانیی تەواوی خۆی دەربڕیوە. دوابەدوای ئەو هەواڵە ڕاپۆرتی جیاواز سەبارەت بە دۆخی بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو گرووپە ترۆریستییە بڵاو کراوەتەوە. میدیاکانی قەتەر بڵاویانکردەوە، خەلیل ئەلحەیە، ئەندامی باڵای حەماس، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە دەوحە ڕزگاری بووە. هاوكات ڕۆژنامەی ئیسڕائیل هیوم بڵاویکردەوە، خالد مەشعەل ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە نەبووە کە باسی لێوە دەکرێت و نەکراوەتە ئامانج. چارەنووسی زاهر جەبارین، ئەندامێکی دیكەی تیمی دانوستانکاری حەماس تا ئێستا ناڕوونە و ئەمەش نادڵنیایی سەبارەت بە هێرشەکە و لێکەوتەکانی زیاتر كردووە.هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وێنەی دیداری ئەم دواییەی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئاخوندی ئێران و سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی بڵاوکردەوە. وەزارەتەکە تەنها ڕستەیەکی کورتی لە وەسفی وێنەکەدا نووسیوە: "دوایین وێنە؟" ڕۆیتەرزیش لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە حەماس بڵاوی کردووەتەوە، ئەو شاندی دانوستانی حەماس لە دەوحە ڕزگارییان بووە.
هەروەها سەرچاوەیەکی نزیک لە حەماس بە پێگەی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە، کوڕەکەی خەلیل حەییە و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون. ئاماژەشی داوە، هێرشەکە ئیسرائیل شکستی هێنا.
لای خۆییەوە کەناڵی 12ـی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە، قەتەر بە شێوەیەکی کاتی لە ڕۆڵەکەی وەک وڵاتی نێوەنگیر دەکشێتەوە.
لە میدیاکانی ناوی ژمارەیەک کەس بڵاو بوونەوەتە کە سپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتەوە سەر، ئەوانیش پێکهاتوون لە:
خالید مەشعەل
خەلیل حەییە
زاهیر جەبارین
محەممەد دەروێش
حوسام بەدران
تاهر نۆنۆ
موسا ئەبو مەرزوک