شاهین وەساف، هاووڵاتیی تەمەن ۲۹ ساڵ و لە گیراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ، لە لایەن لقی یەکی بێدادگای بەناو شۆڕشی ئەو شارە سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. شاهین وەساف پێشتر لە لایەن لقی سێی بێدادگای ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە، لە مۆرە بەدناوەکانی دەزگای قەزایی ڕژیمی ئاخوندی، بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە ۱۱ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بەشێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو. سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە لە لایەن یەکێک لە لقەکانی دیوانی باڵای ڕژیمی ئێران بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەدواداچوونەکان، ڕەت کرابۆوە و بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە بۆ لقی هاوشێوەی گەڕێندرایەوە. بەپیی سەرچاوەکان پێشتر کە شاهین وەساف لەژێر قورسترین شکەنجەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە و لە ڕەوتی بێبنەمای بەڕێوەچوونی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بێبەش بووە.