یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ڕژیمی ئێران، هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە حکومەتی ئێران دەبێت دەستبەجێ هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس دەستپێبکاتەوە و ڕاپۆرتە تەکنیکی و زانیارییە نوێکراوەکان کە داواکراون، پێشکەش بکات. نوێنەری یەکێتی ئەوروپا، بە ئاماژەدان بە چالاکبوونی "میکانیزمی ماشە" لە ئەنجومەنی ئاسایش، ڕایگەیاند: "ئێمە لە خاڵێکی هەستیارداین. ئێران دەبێت هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ئەوەی پیشان بدات کە بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسیدایە و بە شێوەیەکی واتادار لەگەڵ پێشنیاری درێژکردنەوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ لەلایەن سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە گفتوگۆ بکات."یەکێتی ئەوروپا، وێڕای پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنی دوایی نێوان ئاژانس و حکومتی ئێران لەسەر دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان، پێداگریی کردەوە کە جێبەجێکردنی دەستبەجێ و تەواوی ئەم ڕێککەوتنە پێویستە. ئەو بەیاننامەیە ڕوونیکردەوە کە چالاکییەکانی پشکنینی ئاژانس دەبێت لەگەڵ ڕێکارە ستانداردەکانی پاراستندا بێت و لە ئەنجامدا "جێگەی گفتوگۆ نییە."