بەپێی زانیارییەكانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ کوردستانی ئێران ; سەرلە ئێوارێی دوینی دووشەممە ٢٤ی خەرمانان، لە ئاکامی تێکهەڵچوونی نێوان خەڵکی گوندەکانی کەرەویان، قوڵقوڵە و پیرەومەران لەگەڵ هێزەكانی سپای ترۆریستی پاسداران لە کانگەی زێڕی قوڵقوڵەی سەقز، هاووڵاتییەک بە ناوی «محەممەد ڕەشیدی» کوژراوە و ۴ کەسی دیکەش بە ناوەکانی محەمەدئەمین، هێمن، ڕامیار و عادڵ ڕەشیدی بریندار بوون کە دۆخی تەندروستیی چەند کەسیان جێی مەترسییە. خەڵکی ئەو گوندانە چوونەتە ئەو کانگایە تا پێش بە تاڵانکاری بگرن و لە لایەن هێزەکانه حکومەتەوە دراونەتە بەر دەسڕێژی گوللـە و ناوبراو شەهید بووە. بەپێی دوازانیارییەکان هێزە نیزامییەكان ئیزنیان نەداوە تەرمی کوژراو و بریندارەکان ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی سەقز یان سنە بکرێن و لە نەخۆشخانەی بانە هێشتوویاننەتەوە.