٨٠ چالاکوانی کلتووری، هونه‌ری و سیاسی له نامه‌یه‌کی کراوه‌دا بۆ حسێن ڕۆنهقی، چالاکوانی مه‌ده‌نی زیندانیکراو، وێڕای ستایشکردنی به‌رخودانی ئه‌و بۆ ئازادییه مه‌ده‌نییه‌کان، داوایان لێکردووه بۆ پاراستنی گیانی و به‌رده‌وامیدان به ڕێگه‌ی خه‌بات، کۆتایی به مانگرتنه‌که‌ی له خواردن بهێنێت. لە نامه‌یه‌دا که ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٦ی خه‌رمانان (١٧ی سێپتێمبه‌ر) بڵاوکرایه‌وه هاتووه: "ئێمه ئه‌و به‌رخودان و ئازایه‌تییه به‌رز ده‌نرخێنین، به‌ڵام داوات لێده‌که‌ین بۆ پاراستنی گیانت و به‌رده‌وامیدان به‌و ڕێگە هاوبه‌شه کۆتایی به مانگرتنت له خواردن بهێنیت. بوونی ئازادیخوازانێک وه‌کو تۆ بۆ گەلانی ئێران و به‌رده‌وامیدان به خه‌بات پێویسته. "واژۆکاران، به ئاماژه‌دان به پێشینه‌ی مانگرتن له خواردن و فشار و ناڕه‌حه‌تییه جه‌سته‌ییه‌کان له‌سه‌ر زیندانیانی سیاسی، له‌وانه ئه‌بولفه‌زل قه‌دیانی، مه‌نوچێهر به‌ختیاری و محه‌مه‌د نووریزاد، هۆشدارییان داوه که مانگرتنی ڕۆنهقی له خواردن ده‌توانێت دوو هێنده مه‌ترسی بۆ گیانی دروست بکات.