چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، کرێکارانی گرووپی نیشتمانی پیشەسازی پۆڵای ئێران لە ئەهواز، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جارێکی تر لە گۆڕەپانی کۆمپانیاکەدا کۆبوونەوە و دروشمیان وتەوە: "بەسە بەڵێنە دووبارەکان! "پارێزگاری ڕژیم لە ئەهواز لە نێو کرێکاراندا ئامادە بوو، بەڵام بە دووبارەکردنەوەی هەمان بەڵێنەکانی پێشوو نەیتوانی متمانەی ناڕازییەکان بەدەست بهێنێت. کرێکاران پیداگریان کردەوە کە ئەو بەڵێنانە لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە ئامرازێک بوون بۆ کڕینی کات و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و هیچ باشبوونێک لە دۆخی ژیانیاندا دروست نەکردووە. ناڕازییەکان بە ئاماژەدان بە پێنەدانی دوو مووچە، فشاری قورسی گرانبوون و دەستپێکی وەرزی خوێندن، باسیان لە بێتوانایی خۆیان کرد لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزان و کەلوپەلی خوێندنی منداڵەکانیان و دۆخی ئێستایان بە ئەنجامی نابەرپرسایەتی پێکهاتەیی خاوەنکار و دامودەزگا حکومییەکان زانی. کرێکاران هۆشدارییان دا کە تا بەدیهاتنی ڕاستەقینەی داواکارییەکانیان، لە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن و ئەمجارە فریوی بەڵێنە پووچەکان ناخۆن.