ڕۆژی سێشەممە، یەکی ڕەزبەری ١٤٠٤،. هێزەکانی سەرسنوری ڕژێمی ئاخوندی ئێران، لە سنووری نەوسوود، بەبێ هیچ پاساوێک، دەستڕێژی گوللـەیان لە کۆڵبەرانی بێتاوان کرد و لە ئەنجامدا، گەنجێکی ٢٨ ساڵان بە ناوی "کاروان ئەڵماسی"، خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بە سەختی بریندار بوو. کاروان ئەڵماسی، وەک سەدان گەنجی دیکەی کورد لە ناوچە سنوورییەکان، ناچار بووە بۆ بژێوی خۆی و خێزانەکەی ڕوو بکاتە کاری کۆڵبەری. کارێک کە لە ڕووی ناچاری بۆ دابینکردنی ژیانە، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێراندا، ئەوەش کراوەتە تاوان و بەو بیانوە ڕۆژانە گیان و ژیانی خەڵکی لێ قوربانی دەدرێت. بەپێی زانیارییەکان، کاروان ئەڵماسی گوللەی جەنگی هێزەکانی ڕژێم بەر باسکی کەوتووە و تووشی پارچەبوون و شکانی ئێسک بووە. ئەمەش نیشانەی ڕوون و ئاشکرای دڕندەیی هێزە سنوورییەکانە بەرامبەر بە ژیانی مرۆڤەکان. لە کاتێکدا کە دەبوو ئەو هێزانە پارێزەری ئاسایشی هاوڵاتیان بن، کەچی بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی مەترسی و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵکی ناوچە سنوورییەکان.