ئانتۆنی ئاڵبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ڕژیمی ئاخوندی لە لانیکەم دوو ھێرشی دژە یەهوودی لەو وڵاتەدا، ئەو کردەوانەی بە «تاوانکارانە و ترسنۆکانە بە ئامانجی دروستکردنی ترس» وەسف کرد. ئاڵبانیزی لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرگری لە بڕیاری وڵاتەکەی کرد بۆ دەرکردنی باڵیۆزی ڕژیمی ئاخوندی ئێران و بە کارێکی بێوێنەی لە مێژووی ھاوچەرخی ئەو وڵاتەدا ناوبرد. ناوبراو وتی کە ساڵی ٢٠٢٥ کۆمەڵێک لە ئاڵنگارییە ئەمنییەکان دەخاتە بەردەم جیھان و نموونەی ئەوەش، دەستێوەردانی حکوومەتی ئێرانە لە ڕێکخستنی ھێرشە دژە یەهودیەکان لەسەر خاکی ئوسترالیا. سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا بە ئاماژەدان بەوەی کە «تەنیا مانگی ڕابردوو، دەزگا ئەمنییەکانی ئوسترالیا ڕاینگەیاند کە ڕژێمی ئێران لە پشت سووتاندنی کەنیسەیەک لە مێلبۆرن و چێشتخانەیەکی جوولەکە لە سیدنی بووە» ئەو کردەوانەی بە «کرداری تاوانکارانە و ترسنۆکانە بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ» وەسف کرد. ئاڵبانیزی پیداگریی لەوە کردەوە: «ئێمە باڵیۆزی حکومتی ئێرانمان لە ئوسترالیا دەرکرد. ئەمە یەکەم جارە لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە کە کارێکی لەو شێوەیە دەکەین. لێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەینین: شوێنێک بۆ دژە یەهودیەکان بوونی نییە.»