لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا تەقە لە ژمارەیەک خەڵک کرا
پۆلیسی ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا رایگەیاند، چەندین کەس لە کەنیسەی مۆرمۆن لە شاری گراند بلانک تەقەیان لێکراوە و تەقەکەرەکەش کوژراوە. بەوتەی پۆلیس، کەسێک کوژراوە و 9ـی دیکەش بریندارن. رۆژی یەکشەممە 28-09-2025، تەقەکەرێک لە شاری گراند بلانک لە ویلایەتی میشیگان، تەقەی لە کۆمەڵێک خەڵک کرد و لە رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسدا کوژرا. پۆلیسی ئەمریکا دەڵێت، لە ئەنجامی تەقەکردنەکە جگە لە تەقەکەرەکە، یەک کەس کوژراوە و 9 کەسی دیکەش بریندارن. دۆناڵد ترەمپ لە تروس سۆشیاڵ نووسی: "گومانلێکراوەکە کوژراوە، بەڵام هێشتا شتی زۆر ماون بیزانین. پێدەچێت ئەمە هێرشێکی دیکە بێت بۆ سەر کریستیانەکانی ئەمریکا. "پۆلیسی ناوچەکە لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاندووە، کەنیسەکە ئاگری گرتووە. هەروەها پیداگریی کردەوە کە هیچ هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر خەڵک نەماوە.