بۆڵتۆن: "بێ ڕووخانی ڕژێمی ئێران، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار نابێت"
جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا کە بێ ڕووخانی ڕژیمی ئاخوندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی بەخۆوە نابینێت و ڕایگەیاند: "لە ئەوروپا، ئەمریکا و لەناوخۆی ئێرانەوە دەبیستین کە ئەم ڕژێمە زۆر لاوازترە لەوەی خەڵک بیری لێدەکەنەوە."بۆڵتۆن لە کۆبوونەوەیەکدا لە زانکۆی هارڤارد لە شاری کەمبریج لە ویلایەتی ماساچووسیتس زیادی کرد: "پێموایە تا ئەو کاتەی ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان لە ئێران نەڕووخێت، ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار نابێت."هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ڕژیمی ئاخوندی و ئیسرائیل، حکومەتی ئێران بەهێزتر بووە، وتی : "ئەم قسەیە هەڵەیە. هیچ کەسێک حەزناکات وڵاتەکەی بۆمباران بکرێت، بەڵام کاردانەوەی ڕاستەقینە لەناوخۆی ئێراندا، بە بڕوای من، ئەوە بوو کە خەڵک بەگشتی بینیان ڕژێم ناتوانێت ڕێگری لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات بۆ لەناوبردنی سەرمایە گرنگەکەی ــ واتە پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکان ــ و ئەمەش هەستی ئەوەی کە ڕۆژانی ڕژێم بەرەو کۆتایی دەچێت زیاتر کردووە."بۆڵتۆن ئاماژەی بە تەمەنی زۆری ئاخوند خامنەیی و ئەگەری مردنی "لە هەر کاتێکدا" کرد و وتی: "ئەو خاڵێکە کە تێیدا ڕژێم دەتوانێت لە سەرەوە تووشی داڕمان ببێت."