سزای قورسی زیندانیکردن و غەرامەکردنی ١٠ ژنی بەهایی لە ئیسفەهان
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوبونەتەوە، لقی ٤٧ی دادگای پێداچوونەوەی ئەسفەهان، بە ڕاگەیاندنی تەواوی بڕیارەکەی دەزگای قەزایی سەرەتایی، ١٠ ژنی بەهایی لە ئەسفەهان سزای زیندانیکردن و سزایەکی قورسی داراییان بەسەردا سەپێنرا.بەپێی ئەو بڕیارە، یەگانە ئاگایی، یەگانە ڕووحبەخش، ئارەزوو سوبحانیان، موژگان شاھرەزایی، شانا شەوقیفەر، نەدا بەدەخش، پەرەستوو حەکیم و نگین خادمی، ھەر یەکەیان بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن و ١٠٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی، و بەھارە لوتفی و نەدا عیمادی ھەر یەکەیان بە ٥ ساڵ زیندانیکردن و ٥٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی مەحکووم کراون. ھەروەھا ھەر ١٠ ژنە بەھاییەکە بە سزای تەواوکەری ٢ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران و ٢ ساڵ بەکارنەھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کراون. لە نێوان ئەو کەسانەدا، یەگانە ڕووحبەخش و ئارەزوو سوبحانیان، دایک و کچن و ڕووحبەخش تەمەنی تەنھا ١٩ ساڵە. بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاو بونەتەوە، دادگای پێداچوونەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەبێ ئامادەبوونی تۆمەتباران پێکھێنراوە و بڕیارەکە بە شێوەی غیابی دەرچووە. ھەروەھا بەھۆی ڕاگەیاندنی «ئەمنییەتی و نھێنیبوونی دۆسیەکە»، بڕیاری دادگا تەنھا بە شێوەی زارەکی بە پارێزەران ڕاگەیەندراوە، و لە سیستمی سەنا تۆمار نەکراوە.