کابینەی نوێی حکومەتی فەرەنسا تەمەنی تەنیا 14 سەعات بوو
سباستیان لوکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی نوێی فەرەنسا و حکومەتەکەی رۆژی دووشەممە دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەمەش تەنیا چەند سەعاتیک دوای ئەوەی لوکۆرنو پێکهاتەی کابینەکەی راگەیاند. ئەمە بووە هۆی ئەوەی ببێتە کورتترین حکومەت لە مێژووی هاوچەرخی فەرەنسادا و قەیرانی سیاسیی وڵاتەکەی قووڵتر کردەوە.دەستلەکارکێشانەوە چاوەڕواننەکراوەکە دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانان و نەیاران هەڕەشەی رووخاندنی حکومەتی نوێیان کرد. لوکۆرنو رایگەیاند، ئەمە مانای ئەوەیە ناتوانێت کارەکانی بکات. بڕیارەکە بووە هۆی دابەزینێکی بەرچاوی پشکەکان و بەهای یۆرۆ.پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستبەجێ داوایان لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە کرد دەستلەکاربکێشێتەوە یان هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی رابگەیەنێت و رایانگەیاند، هیچ رێگەیەکی دیکە بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە نییە.