بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوش، ئێوارەی شەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، چەند چەکدارێکی نەناسراو لە ناوچەی سەرجەنگەڵی زاهیدان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری چەند ئەندازیار و گرێبەستی پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی ئاوی چابەهار بۆ مەشهەد کرد و دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان سووتاند. سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندووە، ئەو ڕووداوە لەسەر ڕێگای زاهیدان - خاش، لە سنووری سەرجەنگەڵ بۆ قەڵابید، ڕوویداوە. بەهۆی ئەو هێرشەوە، ئۆتۆمبێلەکەی ئەندازیاران بە تەواوی سووتا. شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە کە هێرشکاران دوای تەقەی بەردەوام، ئۆتۆمبێلەکەیان ڕاگرتووە و دەستبەجێ ئاگریان تێبەرداوە. هیشتا، هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامە یان پاڵنەری هێرشکاران لەبەردەستدا نییە و بەرپرسانی فەرمیش تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە. پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لە دەریای عومانەوە بۆ مەشهەد یەکێکە لە پڕۆژە نیشتمانییە گەورەکان کە ڕێڕەوەکەی بە پارێزگای سیستان و بەلوچستاندا تێدەپەڕێت. ئەو پڕۆژەیە پێشتریش ڕووبەڕووی کێشەی ئەمنی و ناڕەزایەتی ناوخۆیی بووەتەوە، چونکە دانیشتووانی ناوچەکە ڕەخنەیان لە گواستنەوەی ئاو بۆ پارێزگاکانی دیکە گرتووە لە کاتێکدا خۆیان ڕووبەڕووی قەیرانی سەختی بێئاوی بوونەتەوە.