تاڵیبان کوشتنی 58 سەربازی پاکستان رادەگەیێنێت؛ ئیسلامئاباد بەڵێنی تۆڵەکردنەوە دەدات
حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، سەربازەکانیان لە شەڕی شەوی رابردووی سەر سنووردا 58 سەربازی پاکستانیان کوشتووە. زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، 9 سەربازی ئەوانیش کوژراون. وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان راگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆتاییهاتووە کە ئێوارەی شەممە لە سنووری نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردبوو.ئۆپەراسیۆنەکەی تاڵیبان لە "وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کابوول" بوو کە گومانیان دەکرد لەلایەن پاکستانەوە کرابوو. شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، هێرشەکانی ئەفغانستان "بە تووندی سەرکۆنە دەکەین" و رایگەیاند، "وەڵامێکی بەهێز"یان بۆی دەبێت. لە راگەیێندراوێکدا وتیشی: "هیچ سازشێک لەسەر بەرگریکردن لە پاکستان ناکرێ. بۆ هەموو دنەدانێکیش وەڵامێکی بەهێز و کاریگەرمان دەبێ."