ئەردۆغان و ماکرۆن کۆبوونەوە و باسی غەززەیان کرد
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە لە میسر کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆشکی کۆماریی تورکیە رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوتا فەرەنسییەکەی لە لووتکەی ئاشتیی شەرم شێخ لە میسر کۆبوونەتەوە. هەردوو سەرۆککۆمار لە دیدارەکەیاندا گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێک کردووە و یەکێک لەو باسانە دۆخی غەززە و ئاگربەستەکە بووە. هەر بەگوێرەی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکان، ئەردۆغان پیداگریی لەسەر بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە و واڵابوونی دەرگاکان بۆ گەیشتنی هاوکاری و یارمەتی مرۆیی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو تراژیدی و قەیرانە مرۆییەی غەززە بێت. هاوکات ئاماژەی کردووە، تورکیە بێ پچڕان هاوکاری و یارمەتی دەنێرێت.