رۆژێک دوای دزییەکەی مۆزەخانەی لۆڤەر لە فەرەنسا، وەزارەتی کولتووری ئیتاڵیا رایگەیاند، سیستەمی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد بۆ پاراستن و چاودێریکردنی مۆزەخانەکانیان دادەنێن. وەزارەتی کولتووری ئیتاڵیا لەبارەی هۆی دانانی سیستمی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد بۆ پاراستنی مۆزەخانەکانیان بڵاویکردەوە، "سەلامەتی میراتی کەلەپووریمان لە سەرووی ئامانجەکانمانە". فەرمانگەی مۆزەخانەکان لە وەزارەتی کولتووری ئیتاڵیاش لە راگەیێندراویکدا بڵاویکردەوە، بە بەهای 82 ملیۆن دۆلار دوو سیستمی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد دروستدەکەن کە ئامانج لێی پاراستنی مۆزەخانە و شوێنە کولتوورییەکانیانە. دەشڵێت، پارەکە لەلایەن حکومەتی ئیتاڵیا و دامەزراوەکانی سەر بە یەکێتیی ئەورووپاوە دابیندەکرێت.