ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا لەسەر زاری بەرپرسانی ڕژیمی ئاخوندی و شرۆڤەکاران نووسیویەتی، هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی گەمارۆکان، ئابووری ئێران رووبەڕووی مەترسییەکانی "هەڵاوسانی زۆر" و "کەمبوونەوەی توند" بووەتەوە.بەپێی راپۆرتی ئەو میدیایە، گەمارۆکان دوای شکستخواردنی دانوستانەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی ڕژیمی ئاخوندی گەڕاونەتەوە. هەرچەندە هەردوولا باسیان لە ئەگەری بەردەوامبوونی گفتوگۆکان کردووە.سێ بەرپرسی باڵای ڕژیمی ئاخوندی، کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە حکومتی ئێران پێی وایە ئەمریکا، هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان و ئیسرائیل فشارەکان زیاد دەکەن بۆ ئەوەی بێئارامی لە ناوخۆی وڵاتدا دروست بکەن.بەپێی نووسینی ئەو ئاژانسە هەواڵییە، لەدوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی سپتامبر، کۆبوونەوە لە تاران بەڕێوەچووە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەی فشاری ئابووری، بەڕێوەبردنی گەمارۆکان و کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان.لەو راپۆرتەدا، ئاماژە بە زیادبوونی جیاوازی ئابووری لە نێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، هەڵاوسانی بەرز، خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی کراوە وەک هۆکارگەلێک کە بە وتەی شرۆڤەکاران، بوونەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتی لە وڵاتدا.