لە درێژەی هەڵمەتی گیرانی ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکانی سەردەمی ڕژێمی ئەسەد هەبووە، وەزارەتی ناوخۆی سوریە گیرانی لیوایەکی پێشوو، ئەکرەم سەلوم عەبدوڵڵای ڕاگەیاند. ناوبراو تاوانبارە بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی توند لە زیندانی بەدناوی سێدنایە، بەتایبەتی سەرپەرشتیکردنی "ژوورە خوێیەکان". بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ، کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریە (سانا) بڵاوی کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن لقی بەرەنگاربوونەوەی ترۆر لە پارێزگای دیمەشق و دوای کاری وردی هەواڵگری و چاودێریی بەردەوام ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا شوێنی ناوبراو، دەستنیشان کراوە و گیراوە. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتر بۆ گرتن و لێپرسینەوە لەو کەسانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەددا دەستیان لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکارییەکاندا هەبووە.