لێدانی دوو ژنی بەتەمەنی بەلوچ لەلایەن سەربازانی ڕژیم لە سنووری میلک
لە کاتێکدا میدیای حکومەتی ڕژیمی ئێران سەرقاڵی شاردنەوەی گەندەڵی دارایی و ئەخلاقی بەرپرسەکانی حکومەتن، ئەمڕۆ پێنجشەممە دیمەنێکی تاڵ و دڵتەزێن لە سنووری میلک لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ڕوویدا؛ سەربازێک بە توندوتیژییەکی ترسناک دوو خاتوونی بەتەمەنی بەلوچی لەبەردەم دەیان کەسدا بە زلە و قسەی ناشرین لێیدا. بەپێی ڕاپۆرتی "حالوش"، ئەم ڕووداوە لە خاڵی سنووری میلک لە شارستانی هیرمەند ڕوویداوە و بەپێی گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکە، یەکێک لە ژنەکان بەهۆی توندی لێدانەکانەوە کەوتووەتە سەر زەوی. شایەتحاڵان دەڵێن سەرباز و هێزە سەربازییەکانی دیکەی ئامادە نەک تەنها دەستوەردانیان بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕەفتارە نەکردووە، بەڵکو بە نابەرپرسانە تەماشای دیمەنەکەیان کردووە.لە کاتێکدا هێشتا ناسنامەی قوربانییەکان دیارینەکراوە، سەرچاوە ناوخۆییەکان پیداگریان لەوە کردووەتەوە کە ئەو دوو ژنە خەڵکی هەژاری ناوچەکە بوون و تەنها بۆ تێپەڕین لە سنوور و کڕینی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان لەوێ ئامادە بوون.ئەو ڕەفتارە توندوتیژە هێمایەکی ڕوونی سووکایەتیکردنی سیستەماتیک و جیاکاری دامەزراوەییە لە دژی هاووڵاتیانی بەلوچ؛ لەوێ هەژاری و بێلانەیی بە تاوان دادەنرێت، بەڵام قاچاخچێتی ڕێکخراو و گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ڕژیمی ئاخوندی لە هەمان پارێزگا بێ سزا دەمێنێتەوە.