ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ئۆتۆمبیلی هەڵگری محەممەد شاهوزەهی، لە فەرماندەكانی خۆجێیی و لە سەرکوتكەرانی خەڵك لە زاهیدان، لە ڕێگای نێوان دێهبابید – ئێسکەل ئاباد لە ناوچەی خاش، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر.بەپێی ڕاپۆرتی حال وەش، ئۆتۆمبێلەکەی شاهوزەهی لەگەڵ چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکەی ئیتلاعات لە حاڵی ڕۆیشتن بووە و هێرشبەرەکان لە مەودایەكی نزیکەوە تەقەیان لێکردووە. لەئەنجامی تەقەکردنەکەدا چەند پاسەوان برینداربوون و هەندێکیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی خاش. هیشتا، دۆخی محەممەد شاهوزەهی نادیارە و سەرچاوەكان باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە کوژرابێت یان بە سەختی بریندار بووبێت.شاهوزەهی بە یەکێک لەو کەسانە دادەنرێ کە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی زاهیدان دەستێكی زۆری هەبووە. هاوکات تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.