بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و کوردستانی ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی زابتەددین (عادل)، خەڵکی سەڵماس، حاجی نەبیزادە و عەبدولڕەحمان حەبیبی، هەردووکیان خەڵکی ئورمیە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، زابتەددین (عادل) سێ ساڵ بەرلەئێستا بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، حاجی نەبیزادە و عەبدولڕەحمان حەبیبییش پێشتر بە هەمان تۆمەت لە دۆسیەی جیاوازدا گیراوە و لە لایەن دەزگای قەزایی ڕژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.هەواڵی سێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە تا ئیستا، لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت کەناڵەکانی نزیک لە دەسەڵاتی قەزایی ڕژیمی ئێران، بڵاو نەکراوەتەوە.