ناتانیاهۆ: بە ٣٦٠ پلە لە میحوەری تیرۆری ڕژیمی ئاخوندیمان داوە و لێدانەکانیش بەردەوام دەبن
دوای هێرشێکی تیرۆریستی لە نزیک ئورشەلیم، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە پیداگریی لە بەردەوامیی چالاکییە سەربازییەکان لە دژی "میحوەری تیرۆری ڕژیمی ئاخوندی" کردەوە و ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا "لە هەموو لایەکەوە" زیانی لێداوە.ناتانیاهۆ لە لێدوانەکانی دوای ئەو هێرشە وتی: “ئێمە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە ٣٦٠ پلە لە میحوەری تیرۆری ڕژیمی ئێرانمان داوە و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت، چونکە پێویستە. “ئاماژەی بەوە كرد، هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە دەریدەخات کە دەبێت شەڕ لە بەرە جیاجیاکان بەردەوام بێت تا گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی.سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پیداگریی لەوە کردەوە کە کۆتایی هاتنی شەڕ تەنیا کاتێک مومکین دەبێت کە دەسەڵاتی سەربازیی حەماس لەناو بچێت و کەرتی غەززە بە تەواوی لە چەک دابماڵرێت.ناوبراو وتی، ئیسرائیل "هەموو ڕێگەیەکی مومکین" بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەكاردەهێنێت.