ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، حەوتوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ئەنجامداوە. سەرەڕای پەرەسەندنی فشارە سەربازییەکانی واشنتن، لە پەیوەندییەکەدا باسیان لە ئەگەری کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەردوو سەرکردە لە ناوخۆی ئەمەریکا کردووە.بەگوێرەی زانیارییەکان، کە سەرچاوەکان بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی لێدوان نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش بەشداری گفتوگۆکە بووە. تا ئێستا هیچ پلانێکی کۆنکرێتی بۆ دیدارەکە دانەنراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ شێوازە ناسراوەکەی ترەمپ: "دانوستان لە لایەک و هەڕەشەی هێز لە لایەکی دیکە".ئەم گفتوگۆیە ڕێک پێش ئەوە ئەنجامدراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناوی مادورۆ وەک سەرۆکی "ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی" (ناسراو بە کارتێل دی لۆس سۆلێس) تۆمار بکات.