لە سیاسەتی ڕژیمی ئێران، تەنانەت بڕیاری یاسا لەبەردەم ویستی دەزگا ئەمنییەکاندا بێبایەخ دەکرێن. نموونەی زیندووی ئەم دۆخە، دۆسیەی وەرزشوانێکی خەڵکی سنەیە.
چیاکۆ ڕەزایی، پاڵەوانی وەرزشی ڕەزمی و یەکێک لە گیراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ماوەی ٨٧ ڕۆژە، واتە نزیکەی سێ مانگ، لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراوە و چارەنووسی بە تەواوی نادیارە.ئەوەی جێگای سەرنج و نیگەرانییە، ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی دادگا بڕیاری ئازادکردنی بە بارمتەی قورسی "یەک ملیار تمەنی" دەرکردووە و خانەوادەکەشی ئامادەی دابینکردنی بوون، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات دەسەڵاتی قەزایی پێشێل کردووە و ڕێگری لە ئازادبوونی کردووە.بەپێی زانیارییەکان، ئەم وەرزشوانە کوردە نەک هەر ئازاد نەکراوە، بەڵکو بۆ جاری سێیەم فەرمانی گیرانی درێژ کراوەتەوە. لەم ماوەیەدا لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکان بێبەش کراوە؛ نە دەتوانێت پارێزەر ببینێت و نە ڕێگە بە خانەوداەکەی دەدرێت سەردانی بکەن.چاودێران دەڵێن، ئەم ڕەفتارەی ئیتلاعاتی سنە، جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوەی سیستماتیک لەو کەسایەتییە ناسراوانەی کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا ڕۆڵیان هەبووە.