لە کاتێکدا ڕژیمی ئاخوندی هەموو توانایەکی ئەمنی و میدیایی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ڕۆژی ١٦ی ئازەر، واتە "ڕۆژی خوێندکار"، تەنها وەک بۆنەیەکی حکوومی و بێدەنگ تێپەڕێنێت، بەڵام وا دیارە واقیعەکە شتێکی دیکە دەڵێت.بەپێی ئەو وێنە و زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، شەقام و گواستنەوە گشتییەکانی شاری کەرەج بوونەتە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی. بڵاوکردنەوەی بەرفراوانی تراکت و دروشمەکان لەسەر پاس و دیوارەکان.
دروشمی سەرەکی ئەم هەڵمەتە ڕاشکاوانەیە و دەڵێت: «خوێندکاران پێشەنگانی شۆڕش لە داهاتووی ئێرانن.»ئەم ڕستەیە تەنها دروشمێک نییە؛ بەڵکو وەڵامێکی توندە بۆ ئەو دۆخە خنکێنەرەی کە باڵی بەسەر زانکۆکاندا کێشاوە.چاودێران پێیان وایە، ئەم جووڵانە لە ئاستانەی ڕۆژی خوێندکاردا، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە نەوەی نوێی گەڵانی ئێران، سەرەڕای قەیرانی قوڵی ئابووری، سەرکوتکردنی سیستماتیک و نادیاریی داهاتوویان، ئامادە نین تەسلیمی ئەو "بێدەنگییە زۆرەملێیە" ببن کە دەسەڵات دەیەوێت بەسەریاندا بیسەپێنێت.ئەم تراکتانە لە کەرەجەوە پێمان دەڵێن: ڕۆژی خوێندکار بۆ ئەم نەوەیە، تەنها یادکردنەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو وەبیرهێنانەوەی ئەرکێکی سیاسییە بۆ گۆڕانکاری لە داهاتووی ئێراندایە.