ئاتوسا یەكەم زێڕی جیهانیی بردەوە
لە کاتێکدا ڕژیمی ئێران بەردەوامە لە دانانی بەربەست و سنووردارکردنی ژنان، کچە کوردێکی خەڵکی کرماشان بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە هەموو ئەو دیوارانەی ڕووخاند و مێژوویەکی نوێی تۆمار کرد.ئاتوسا گوڵشادنەژاد، سەلماندی کە توانای ژنی کورد لە چوارچێوەی یاسا توندەکانی ڕژێمدا قەتیس نامێنێت."لە دڵی پاڵەوانێتیی جیهانیی کاراتە لە قاهیرە، ئاتوسا گوڵشادنەژاد، تەمەن ٢٢ ساڵ و ڕۆڵەی کرماشان، بووە یەکەمین ژن لە مێژوودا کە بتوانێت لەم یارییەدا مەدالیای زێڕی جیهانی بەدەست بهێنێت.ئەو کچە پاڵەوانە لە یاری کۆتایی کێشی ٦١ کیلۆگرامدا، بە ئەنجامی ٤ بە ٢ وانەیەکی بەهێزی بە «گۆنگ لی»ی ڕکابەرە چینییەکەی دا و پلەی یەکەمی جیهانی مسۆگەر کرد.خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە، ئەم سەرکەوتنە مەزنە بە تەواوی بە دەستی کورد تۆمار کراوە، چونکە ئاتوسا لەژێر سەرپەرشتی و ڕێنماییەکانی خاتوو «پەگا زەنگەنە»، ڕاهێنەرە کوردە بەتواناکەی هەڵبژاردەکە توانیویەتی بگاتە ئەم ئاستە. ئەمەش پەیامێکی ڕوونە کە ژنانی کورد کاتێک پاڵپشتی یەکتر دەکەن، دەتوانن گەورەترین شانازی تۆمار بکەن."
"سەرکەوتنی ئاتوسا تەنیا مەدالیایەک نییە، بەڵکو دەنگێکی بەرزی ژنانی کوردە دژی پەراوێزخستن و سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە بەهرە و تواناکان لەژێر فشاردا نامرن، بەڵکو بەهێزتر دەبن."