"دۆخی زیندانی ژنانی قەرچەکی وەرامین جارێکی دیکە کەوتووەتە ژێر تیشکی ڕەخنەکان، بەڵام ئەمجارە پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسێکی باڵای دادسەرا درێژ دەکرێت.بەپێی زانیارییەکان، لەوەتەی (ڕازیە جەلالوەند) وەک دادیاری جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای شاری ڕەی دەستبەکار بووە، سیستەمێکی مەترسیدار لە "باجگیری" و "فشاری نایاسایی" لەناو زیندانەکەدا پەرەی سەندووە؛ بەجۆرێک ئەم بەرپرسە مافە یاساییەکانی زیندانیانی کردووە بە کاڵایەک بۆ کڕین و فرۆشتن و ئەوانەی توانای پێدانی بەرتیلیان نییە، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش دەکرێن.ڕۆژی سێشەممە، ١١ی سەرماوەز، سەرچاوە ئاگادارەکان لە دادسەرای شاری ڕەی بە سەرچاوەکانیان ڕاگەیاندووە کە سکاڵاکان لە دژی شێوازی مامەڵەی جەلالوەند بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاون.سەرچاوەیەکی ئەمنی لەناو دادسەراکە ئاشکرای کردووە، کە ڕۆژانە دەیان خێزان دوای چەندین سەعات چاوەڕوانی لە بەردەم ژووری ئەم دادیارە، یان ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە ژوورەوە، یانیش ڕووبەڕووی سووکایەتی و بێڕێزی دەبنەوە.زانیارییەکان پیداگریی لەوە دەکەنەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی زیندانی، سەرەڕای ئەوەی مەرجە یاساییەکانیان تێدایە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، پاوەنی ئەلیکترۆنی و ئازادبوونی مەرجدار، بەڵام تەنیا بەهۆی دژایەتیی شەخسی و نایاسایی ڕازیە جەلالوەندەوە، هێشتا لە پشت مەیلەکانی زیندانی قەرچەک هێڵدراونەتەوە."