شەپۆلی گیران بەردەوامە؛ مامۆستایەکی زمانی کوردی لە بۆکان گیرا
فشار و گیرانی چالاکانی مەدەنی لەلایەن دەزگا بەناوئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران هەروا بەردەوامە. بەپێی دواین زانیارییەکان، سمکۆ یووسفی، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی ناسراوی شاری بۆکان، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە بەناوئەمنییەکانەوە گیراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی سەرماوەز، ئەم چالاکە مەدەنییە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بۆکاندا، ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی زۆر بووەتەوە. دەوترێت هێزەکان بە لێدان و شکەنجە ناوبراویان گرتوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
شایانی باسە، سمکۆ یووسفی پێشتریش و لە ٥ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی گیراوە، کە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم مامۆستایە لە بەردەستدا نییە.