بەپێی دواین ئامارەکان، تەنیا لە ماوەی یەک حەوتودا٩٥ کەس لەلایەن دەسەڵاتی قەزایی ڕژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون و هاوکات فشار و گیرانی هاووڵاتیان و چالاکوانان لە شارە جیاوازەکاندا بەردەوامی هەیە.
مانگرتنی زیندانیان و ئامارە مەترسیدارەکانی ئیعدام
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا ٩٥ حاڵەتی لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ڕيژیمی ئێران تۆمار کراون کە دوو کەسیان ژن بوون. ئەم شەپۆلە نوێیەی کوشتن درێژکراوەی سیاسەتی سێدارەیە، بەجۆرێک لە ١٧ ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕابردووشدا ٢٠٠ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کرابوون. چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئامانج لەم هەڵمەتە خوێناوییە بە "ترساندن و سەرکوتکردنی کۆمەڵگە" وەسف دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا و وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەم شەپۆلە، هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ ئیعدام" پێی نایە ٩٨ـەمین حەوتوی خۆیەوە. زیندانیانی ٥٥ بەندیخانەی ئێران، لەوانە (ئێڤین، قزلحەسار، سنە، ورمێ) و دەیان زیندانی دیکە، بەردەوامییان بە مانگرتن لە خواردن داوە وەک ناڕەزایەتییەک دژی سزای لەسێدارەدان.