زێلێنسکی: ئەگەر ئاسایش لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە دابین بکرێت، لە ماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەم.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، وتی ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی دیکەی کیێڤ بتوانن ئاسایشی هەڵبژاردن زامن بکەن، ئامادەیە لە ماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بەپێی یاسا، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئۆکراین لە کاتی جەنگدا قەدەغەیە، بەڵام زێلێنسکی کە ساڵی ڕابردوو خولی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی هات، ڕووبەڕووی فشاری دووبارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ترەمپ فشاری خستووەتە سەر کیێڤ بۆ بەرقەرارکردنی خێرای ئاشتی لە جەنگە نزیکەی چوار ساڵییەکەیدا لەگەڵ ڕووسیا. ڕووسیا لە کاتی هێرشکردنە سەر ئۆکراین ، نزیکەی ٢٠ لە سەدی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە.زێلێنسکی ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت: «بۆ هەڵبژاردن ئامادەم و سەرەڕای ئەوەش، داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەم هاوکاریم بکات، ڕەنگە لەگەڵ هاوکارە ئەورووپییەکان، تا ئاسایشی هەڵبژاردنێک زامن بکەین.»ئەو زیادی کرد: «دوای ئەوە، ئۆکراین لە ماوەی ٦٠ بۆ ٩٠ ڕۆژی داهاتوودا، ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت.»قسەکانی زێلێنسکی دوای لێدوانەکانی ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری پۆلیتیکۆ هات کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە. ترەمپ لەو چاوپێکەوتنەدا وتبووی حکوومەتی ئۆکراین جەنگ وەکوو بیانوویەک بۆ ڕێگریکردن لە هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت.