لە دادگاییەکی چەند خولەکیدا؛ سێدارە بۆ شەش زیندانیی سیاسی دەرچووەوە"
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر دیوانی باڵای وڵات حوکمەکانیانی هەڵوەشاندبووەوە، بەڵام "دادگای بەناو شۆڕشی ڕژیم" بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما یاساییەکان، هەمان سزای قورسی بەسەردا سەپاندوونەتەوە. ئەم بڕیارە نیگەرانییەکی قوڵی لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە."
ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لقی ٢٦ی دادگای بەناوشۆڕشی ڕژیمی ئێران لە تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری"، کە ناسراوە بە دەرکردنی حوکمی قورس دژی چالاکوانان، جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بۆ شەش زیندانیی سیاسی دەرکردەوە.
زیندانییەکان کە ناسنامەکانیان بریتییە لە: (بابەک عەلیپوور، پوویا قوبادی، وەحید بەنیعامریان، محەممەد تەقەوی، ئەکبەر دانشوەرکار و ئەبولحەسەن مونتەزیر)، بە تۆمەتی لکیندراوی "بەغی" یان یاخیبوونی چەکداری لە ڕێگەی ئەندامێتی لە سازمانی موجاهیدین، ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێنراوە.
جێگای سەرنجە، دانیشتنی دادگایی کردنەوەی ئەو شەش کەسە لە مانگی خەزەڵوەردا بەڕێوەچوو، بەڵام بە شێوەیەکی تەواو نماییشی. سەرەڕای داوای پارێزەران بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی هاوبەش، دەزگای قەزایی ڕژیم بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی، بۆ هەر زیندانییەک تەنها چەند خولەکێک کاتی تەرخان کردووە و مافی بەرگریی ڕاستەقینەی لێ زەوت کردوون.
ڕاپۆرتەکان پەردە لەسەر ئەو دۆخە ترسناکە هەڵدەماڵن کە ئەو زیندانیانە پێیدا تێپەڕیون. بەپێی سەرچاوەکان، لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا ڕووبەڕووی توندترین جۆرەکانی شکەنجە بوونەتەوە، لەوانە:
لێدانی توند، بەکارهێنانی شۆکی کارەبایی، قامچی لێدان، و تەنانەت هەڕەشەی کوشتن بە شێوازی خستنەناوەوەی دەمانچە بۆ ناو دەمیان و هەڕەشەکردن لە چارەنووسی خێزانەکانیان؛ هەموو ئەمانە تەنها بۆ ناچارکردنیان بە واژۆکردنی دانپێدانانی زۆرەملێ بووە.
شایانی باسە، ئەم حوکمانە پێشتر بەهۆی کەموکوڕی لە دۆسیەکاندا لەلایەن دیوانی باڵاوە ڕەتکرابوونەوە، بەڵام دەزگای قەزایی ڕژیمی ئێران بە پێداگری لەسەر بڕیارەکە، جارێکی دیکە مەترسیی لەسێدارەدانی خستووەتەوە سەر ئەو زیندانییە سیاسییانە."