لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری فرەنرخکردن و گرانبوونی بەنزین لە ٢٢ی سەرماوەزەوە، شەپۆلێکی نوێی تووڕەیی و بێهیوایی باڵی بەسەر شەقامی ئێراندا کێشاوە. بەپێی ئەو زانیاری و پەیامانەی لە ناوخۆی وڵاتەوە بڵاوبونەتەوە، هاووڵاتییان ئەو بڕیارەی حکومەت بە «هەوڵێکی دیکە بۆ تاڵانکردنی گیرفانی خەڵک» وەسف دەکەن.
هاووڵاتییان پیداگریی لەوە دەکەنەوە کە هێشتا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، بازاڕ کاردانەوەی توندی نیشان داوە و نرخی کاڵا سەرەکییەکان بەرز بوونەتەوە. خەڵکی دەڵێن گرانبوونی بەنزین تەنها سوتەمەنی نییە، بەڵکو زنجیرەیەک گرانیی کوشندە لەگەڵ خۆی دەهێنێت؛ لە تێچووی هاتووچۆ و خۆراکەوە تا کرێی خانوو و دەرمان.
لە پەیامەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران ئیتر بەشی ئەوە ناکات تەنانەت خۆیان بگەیەننە سەر کارەکانیان، چ بگات بە دابینکردنی بژێوییان. بەشێک لە هاووڵاتییان دۆخی ژیانیان لەژێر سایەی ڕژیمی ئێران بە «مەرگی لەسەرخۆ» ناو دەبەن و دەڵێن: «ئیتر هیچمان نەماوە بۆ لەدەستدان، ئەوەی دەیکەین ژیان نییە، تەنها هەوڵە بۆ مانەوە و بەرگەگرتن».
ئەو سیناریۆیە ڕاگەیاندنی سیاسەتە شکستخواردووەکانی ساڵانی ڕابردووە، کە هەر جارێک بە بیانووی گرانکردنی بەنزین، ملیۆنان کەسی دیکە بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵ دەنێن.