لەدوای زیادبوونی گرژییەکان بەهۆی مانۆڕە هاوبەشەکانی چین و ڕووسیا لە دەوروبەری ژاپۆن و کۆریای باشوور، ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەم حەوتویەی دواییدا دوو بۆمبهاوێژی ئەتۆمیی خۆی بە یاوەریی فڕۆکە جەنگییەکانی ژاپۆن بەسەر دەریای ژاپۆندا بەفڕین هێنا؛ هەنگاوێک کە تۆکیۆ بە نمایشێکی هێزی هاوبەش وەسفی کرد.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئازەر ڕایگەیاند کە دوو بۆمبهاوێژی ستراتیژیی جۆری (بی-٥٢)ی ئەمریکا، کە توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمییان هەیە، ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری (ئێف-٣٥) و سێ فڕۆکەی (ئێف-١٥)ی هێزی بەرگریی ژاپۆن بەسەر دەریای ژاپۆندا فڕیون، ئەمەش هەنگاوێکە کە بە وتەی تۆکیۆ وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ مانۆڕەکانی ئەم دواییەی چین و ڕووسیا لە ناوچەکەدا.