هێرشكرایە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی شەرعدا و بریندار هەیە
دو بەرپرسی سوری بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممە کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی سوریە و هێزێکی ئەمریکی لەو هاوپەیمانییەی کە ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ شەڕی دژی داعش سەرکردایەتی دەکات، لە کاتی ئەنجامدانی دەوریەدا لە شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سوریە هێرشیان كراوەتەسەر. بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە بریندار هەیە. تا ئێستاش وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ ئاژانسی هەواڵی عەرەبیی سوری "سانا" ئاشکرای کردوە، "ڕوداوەکە بوەتە هۆی برینداربونی دو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سوریە و ژمارەیەک لە سەربازانی هێزەکانی ئەمریکا، هاوکات تەقەکەرەکە کوژراوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا زانیاری زیاتر دەربارەی پاڵنەر یان وردەکارییەکانی ڕوداوەکە بەردەست بێت".