بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دۆخی ئەمنیی پارێزگاکانی کرمان و سیستان و بەلووچستان، ڕووبەڕووی گرژییەکی توند و زنجیرەیەک پێکدادانی چەکداری بووەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "حال وش" کەوتوون، چەکدارانی نەناسراو هێرشێکی قورسیان کردووەتە سەر بازگەی "فەهرەج" لە پارێزگای کرمان. زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە گورزێکی کوشندە دەکەن لە هێزە جێگیرکراوەکانی ئەو بازگەیە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو شەڕەدا زیاتر لە ١٠ ئەندامی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیران و ٢ ئەندامی هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیمی ئێران کوژراون. هەرچەندە تا ئێستا، تەنها کوژرانی چوار کەسیان بە تەواوی ڕاگەیاندووە.لێکەوتەکانی ئەو شەڕە تەنها زیانی گیانی نەبووە؛ بەهۆی سەختیی پێکدادانەکەوە، هێزە سەربازییەکانی ڕژیمی ئیران ڕێگای سەرەکیی "فەهرەج بۆ نوسرەتئاباد"یان بە تەواوی داخستووە. وەک لە دیمەنەکاندا دەبینرێت، سەدان ئۆتۆمبێل و پاسی گەشتیاری لەسەر جادەکان ڕاگیراون یان بەرەو زاهیدان گەڕێندراونەتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی قەرەباڵغییەکی زۆر و سەرگەردانبوونی هاوڵاتییان.هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداوە، لە شاری "ئێرانشەهر" و بە دیاریکراوی لە شەقامی "کارگەر شومالی"، پێکدادانێکی دیکەی چەکداری ڕوویداوە. سەرچاوەکان دەڵێن لەوێش ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم کوژراون.تا ئەم ساتە، دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ گرووپێکیش بەرپرسیارێتی ئەو دوو هێرشە هەماهەنگەی نەگرتووەتە ئەستۆ.