پشتیوانیی مەدەنی لە گیراوانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خەسرەو عەلیکوردی
لە درێژەی کاردانەوەکان بە گیرانی بەربڵاوی بەشداربووانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری مافی مرۆڤ کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی دا، چالاکوانانی مافی مرۆڤ ناو و وێنەی ژمارەیەک لە گیراوانی ڕێوڕەسمەکەی مەشهەدیان لەسەر تراکتگەلێک چاپ کردووە و لە ئاستی شاری تاران هەڵیانواسیوە و بڵاویان کردووەتەوە.ئەوکارە بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی گشتی بۆ دۆخی زیندانییەکان و فشار بۆ ئازادکردنیان ئەنجام دراوە.ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خەسرەو عەلیکوردی ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لە مەشهەد بە بەشداریی بەربڵاوی دۆستان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ بەڕێوەچوو، بەڵام بە هێرشی کرێگیراوانی ئیتڵاعات ئاڵۆزی تێکەوت و زیاتر لە ٥٠ کەس گیران.داواکاری گشتیی مەشهەد ژمارەی گیراوانی بە ٣٩ کەس ڕاگەیاند کە کەسایەتییەکانی وەک نەرگس محەممەدی (براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی)، سپیدە قولیان، عالیە موتەلیبزادە، پووران نازمی، هەستی ئەمیری و چەند تەن لە ئەندامانی خانەوادەی عەلیکوردی دەگرێتەوە.