دەزگا هەواڵگرییەکان و شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانی هۆشداريیان دا لەوەی کە زیرەکیی دەستکرد ڕەنگە ببێتە ئامرازێکی بەهێز لە دەستی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بۆ وەرگرتنی ئەندامی نوێ، یان بەرهەمهێنانی وێنەی ساختە و باشترکردنی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیان (سایبەر). بەگوێرەی ئاژانسی "ئەسیۆشێتد پرێس"، شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانی پێیان وایە ڕێکخراوی "داعش" چەند ساڵێکە درکی بەوە کردوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازێکی کاریگەرن بۆ وەرگرتنی ئەندام و بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکار، بۆیە سەیر نییە کە ئێستا تاقیکردنەوە لەسەر بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بکەن. مانگی ڕابردو، کەسێک لەسەر پێگەیەکی ئەلیکترۆنیی لایەنگری داعش، داوای لە لایەنگرانی گروپەکە کرد کە زیرەکیی دەستکرد تێکەڵ بە ئۆپەراسیۆنەکانیان بکەن، بەکارهێنەرەکە بە زمانی ئینگلیزی نوسیویەتی، "یەکێک لە باشترین تایبەتمەندییەکانی زیرەکیی دەستکرد ئاسانیی بەکارهێنانێتی".