ڕووسیا پێش دیداری چارەنووسسازی زێلێنسکی و ترەمپ کیێڤ بۆردومان دەکات
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، شەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕووسیا هێرشێکی موشەکیی بەرفراوانی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراین. ئەو پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی یەکشەممە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ئەمەریکا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕووسیا موشەکی "کروز و بالیستیک"ی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە و دەنگی چەندین تەقینەوە لە کیێڤ بیستراوە. توندوتیژی هێرشەکە وایکرد وڵاتی لەهیستان فڕۆکە جەنگییەکانی بخاتە گەڕ و بە شێوەیەکی کاتی دوو فڕۆکەخانەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دابخات.
ئەو هێرشە تەنیا ٢٤ سەعات پێش دیداری زێلێنسکی و ترەمپ دێت، کە ئامانج لێی گفتوگۆکردنە لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی چوار ساڵە بەردەوامە. زێلێنسکی هەوڵدەدات پشتیوانی ترەمپ بەدەستبهێنێت، بەڵام ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا بۆ گۆڤاری "پۆلیتیکۆ" هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و ڕایگەیاند: "زێلێنسکی تا ئەو کاتەی من پەسەندی نەکەم، هیچ شتێکی لەبەردەستدا نییە."