مانگرتنی کرێکارانی کانگای زێڕی زەرەشووران لە تیکاب، ئەمڕۆ شەممە پێی نایە ١٥یەمین ڕۆژی خۆیەوە. کرێکاران لە ناو جەرگەی سەرمایەکی توند و دۆخێکی نالەباری بژێویدا، بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نادادی لە پێدانی مووچە و پشتگوێخستنی داواکارییە پیشەییەکانیان.
ئەو کرێکارانە ڕایدەگەیەنن کە تاوەکو وەدیهاتنی تەواوی مافەکانیان لە مانگرتن پاشەکشە ناکەن. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەرجەکانی کارکردنیان زۆر قورسە و لە بەرامبەردا نادادییەکی زۆر لە دابەشکردنی داهات و مووچەکاندا هەیە.بە وتەی کرێکارە مانگرتووەکان، ئەو ناڕەزایەتییە تەنیا بۆ داواکارییە داراییەکان نییە، بەڵکو وەک هێمایەک بۆ وەستانەوە بەرامبەر پێشێلکردنی مافی هەزاران هێزی کار لە ناوچەکەدا دەستی پێکردووە