حەوت ڕۆژە لە ئێران خۆپیشاندانە
نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی قووڵی خۆی لە کوژرانی خۆپێشاندەران دەربڕی
بانگەواز کراوە سبەینێ مانگرتنی گشتی لە بازاڕی تاران بکرێت
ئێران پێ دەنێتە حەوتەمین ڕۆژی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان و ئاگری ناڕەزایەتییەکان نەک هەر دانەماڵراون، بەڵکو کڵپەی زیاتریان سەندووە. سەرەڕای هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی سەری ڕژیم، شەقامەکانی تاران، زاهیدان و دەیان شاری دیکە بوونەتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی. لە کاتێکدا ژمارەی کوژراو و گیراون بەردەوام لە هەڵکشاندایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە زمانێکی توندتر هاتووەتە دەنگ و ئەمریکاش هۆشداری "دەستوەردانی بەپەلە" دەدات.
(ناوەڕۆک و زانیارییەکان)
لە نوێترین پێشهاتە مەیدانییەکاندا، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانبار، خۆپیشاندان لە شارەکانی وەک تاران، شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد و کرماشان بەردەوام بوو. لە ناوچە کوردنشینەکان و شارەکانی دیکەی وەک مەلەکشای ئیلام، خورەمئاباد و بروجەرد، گرژییەکان گەیشتنە ئەوپەڕی خۆیان.
بەپێی ئامارە نوێیەکان، تەنیا لە دوێنێ و ئەمڕۆدا ناسنامەی چەندین قوربانی دیکە ئاشکرا کراوە. لە مەلەکشای ئیلام سێ لاو بە ناوەکانی (محەمەد بەزوونە، فارز ئاغامحەمەدی و مەهدی ئیمامی) بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون. هەروەها لە ئەزنا پارێزەرێکی کارامۆژ بە ناوی "ئەحمەدڕەزا ئەمانی" و لە لۆردەگان گەنجێک بە ناوی "سەجاد وەلامەنش" کوژران. ئەمە جگە لەوەی لە ڕۆژی شەشەمدا پێنج گەنجی دیکە لە مەروودەشت و کۆدەشت بونە قوربانی، کە مەراسیمی بەخاکسپاردنیان گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری بە دروشمی "ئەمە کۆتا جەنگە".
لە لایەکی دیکەوە، شەپۆلێکی بەرفراوانی ڕفاندن و گرتن دەستی پێکردووە. لە یاسووج، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی "ئیلیا ئەکواننیان" لەلایەن ئیتلاعتی سپای ترۆریستی پاسدارانەوە ڕفێندراوە. لە زاهیدان و کرماشانیش دەیان کەس گیراون، کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن.
ڕووداوێکی تەمومژاوی لە شاری قوم هەرا و نیگەرانی زۆری ناوەتەوە؛ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی تەرمێکی شێوێندراو لە شەقامی مالیک ئەشتەر، کە حکومەت دەڵێت بە نارنجۆکی دەستی خۆی وا لێهاتووە، بەڵام چالاکوانان دەسەڵات بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەزانن.
(کاردانەوەکان)
لە رۆژانی رابردودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: "ئێمە چەکدار و ئامادەی کارکردنین" و ئەگەر کوشتنی خەڵک بەردەوام بێت، ئەمریکا بە هانایانەوە دەچێت. لیندسی گراهام، سێناتۆری ناسراوی ئەمریکیش هۆشدارییەکی مێژوویی دایە خامنەیی و وتی: "شەریفێکی نوێ هاتووەتە شار، باشترە بچیتە مزگەوت و نزا بۆ خۆت بکەیت". هاوکات نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەورووپاش نیگەرانی قووڵی خۆیان لەو توندوتیژییانە دەربڕیوە.
(زانیاری زیاتر و شیکاری)
ئەو ناڕەزایەتییانەی کە ئێستا هەیە، تەنیا تەقینەوەیەکی کاتی نین. ئەمە دەرەنجامی ساڵانێکی زۆر لە پەنگخواردنەوەی تووڕەیی خەڵکە لە دژی هەژاری و سەرکوتکاری.ئێستا چاوەکان لەسەر بازاڕی تارانن، کە بانگەواز کراوە بۆ سبەینێ یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار، مانگرتنی گشتی و کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.