هەڕانا: لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا لە لانیکەم ١٧٤ شوێن لە سەرانسەری ئێران، ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی سەر شەقامەکان تۆمار کراوە.
هەڕانا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند؛ بەپێی ئەو داتایانەی کە ئەو ناوەندە مافخوازە کۆی کردوونەتەوە، سەرەڕای توندکردنەوەی کەشوهەوای ئەمنی، پانتایی جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئاستی وڵات هێشتا بە بەرفراوانی ماوەتەوە و جووڵە ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامن.
پانتایی جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی هەڕانا، لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە ۱۷۴ خاڵ لە وڵاتدا شایەتی ناڕەزایەتی، کۆبوونەوەی سەر شەقام یان مانگرتنی پیشەیی بوون. ئەو جووڵە ناڕەزایەتییانە لە ٦٠ شار و لە ٢٥ پارێزگای ئێراندا تۆمار کراون و ئەوە نیشان دەدەن کە ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە شارە گەورەکاندا کورت نەبوونەتەوە و شارە بچووکەکان و ناوچە پەراوێزییەکانیشی گرتووەتەوە.
لە تەنیشت ناڕەزایەتییە سەرشەقامی و پیشەییەکان، ۱۸ کۆبوونەوەی خوێندکاران لە ١٥ زانکۆدا تۆمار کراوە، کە ئەمەش گوزارشت لە بەردەوامیی ڕۆڵی زانکۆکان دەکات وەک یەکێک لە ناوەندە چالاکەکانی ناڕەزایەتی.