چوارشه‌مه‌ 

12 خاکه‌لێوه‌ 

2726
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

تاران ئەمشەو شەوێکی پڕ لە ئاڵۆزی تێپەڕاند

تاران ئەمشەو شەوێکی پڕ لە ئاڵۆزی تێپەڕاند
خەبات میدیا

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٤ی بەفرانبار، ڕاپەڕینی سەرتاسەریی گەلانی ئێران پێ دەنێتە هەشتەمین ڕۆژی خۆیەوە. ئەوەی لە شارە جیاوازەکان دەبینرێت، تەنها ناڕەزایەتییەکی سادە نییە، بەڵکو سەرهەڵدانێکی فراوانە کە هەموو ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە. لە تارانەوە تا دوورترین شارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات، دەنگی داواکاری بۆ ڕووخانی ڕژێم بەرز دەبێتەوە. ئەمشەو ڕاپۆرتێکی تایبەتمان بۆ ئامادە کردوون کە وردەکاریی تێکهەڵچوونەکان، ئاماری نوێی کوژراوان و گیراوان دەخاتە ڕوو.
تاران ئەمشەو شەوێکی پڕ لە ئاڵۆزی تێپەڕاند. لە شارۆچکەی وەلیعەسر و شارۆچکەی بەهەشتی، بۆ هەشتەمین شەوی لەسەریەک، دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" نەک هەر لە شەقامەکان، بەڵکو لەسەر بانەکانەوە دەنگی دەدایەوە. لە ناوچەی نازی ئاباد، دۆخەکە گەیشتە تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆ؛ گەنجانی ڕاپەڕیو بە دەستی بەتاڵ ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکان بوونەوە.بەڵام بازنەی ناڕەزایەتییەکان تەنها لە تاراندا نەمایەوە. لە شاری "سامان" لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، خەڵک بە لێشاو ڕژانە شەقامەکان. لە بووشەهر، هێزە ئەمنییەکان پەنایان بۆ گازی فرمێسکڕێژ برد، بەڵام خۆپیشاندەران بێ گوێدانە مەترسییەکان، لە شوێنەکانی خۆیان مانەوە.
هەواڵەکان لە هەمەدانەوە باس لە گۆڕانکارییەکی گرنگ دەکەن؛ ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە کە تێیدا خەڵکی تووڕە توانیویانە چەکێکی هێزەکانی بەسیج زەوت بکەن، چالاکوانان ئەمە وەک "بەرگریی ڕەوا" لە بەرامبەر توندوتیژیی بێوێنەی هێزە حکومییەکان ناو دەبەن. هەروەها لە ئیلام و مەشهەد و یاسووج، دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" بووەتە وێردی سەر زمانی گەنجان.
تا ئێستا کوژرانی لانی کەم ١٦ کەس لە سەرەتای ئەو شەپۆلەدا ڕاگەیندراوە. یەکێک لە دڵتەزێنترین هەواڵەکان، کوژرانی "محەممەد نووری"یە؛ مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵان لە شاری قوم. محەممەد کە کوڕی کرێکارێک بووە، بە فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتگەرەکان سنگی پێکراوە و دەسبەجێ کوژراوە. شارەکانی کۆدەشت، مەروودەشت، هەمەدان و مەلەکشاهی ئیلام، لە خوێنی گەنجەکانیان سوور بوون. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانیش ناوی پێنج شەهیدی نوێی لە ناوچەی مەڵەکشایی بڵاوکردەوە، کە نیشانەی قوربانییدانی بێدرێغی گەلی کوردە لەو ڕاپەڕینەدا.
لەلایەکی دیکەوە، ڕژێم دەستی کردووە بە شەپۆلێکی فراوانی گرتن. مامۆستایان و خوێندکاران ئامانجی سەرەکین. "فاتیما زارعی" و "ئیسماعیل خودایاری" لەو مامۆستایەنەن کە ڕاپێچی زیندان کراون. لە زانکۆکانی تاران و بەهەشتی، ناوەندە سەرکوتگەرەکان پەیوەندیی هەڕەشەئامێزیان لەگەڵ خوێندکاران گرتووە. تەنانەت هەڕەشەکان گەیشتوونەتە دەرەوەی وڵات؛ "فاتیما ئیختیساری" شاعیر کە لە نەرویج دەژیت، ئاشکرای کردووە کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشە لە دایکی کراوە لە ناوخۆی ئێران بۆ ئەوەی بێدەنگی بکەن.

2 مانگ و 27 ڕۆژ و 8 کاتژمێر و 5 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

تاران ئەمشەو شەوێکی پڕ لە ئاڵۆزی تێپەڕاند

تاران ئەمشەو شەوێکی پڕ لە ئاڵۆزی تێپەڕاند



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن