ئەمشەو شەقامەکانی ئێران تەنها لە ژێر دەسەڵاتی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئاخوندی نییە، بەڵکو لە ژێر سایەی ئیرادەی گەلانیک دایە کە بڕیاری داوە چیتر بێدەنگ نەبێت. هەشت ڕۆژ تێپەڕ بوو؛ هەشت ڕۆژ کە تێیدا خوێنی گەنجانی تیدا ڕژا، بەڵام ئەو خوێنە نەک هەر نەبووە هۆی پاشەکشە، بەڵکو بووەتە سووتەمەنی بۆ گەرمکردنی کوورەی ڕاپەڕینەکە لە شارەکانی وەک تاران، ئیلام، مەشهەد و لاهیجان.
ئەوەی ئێستا لە شەقامەکانی ئێران دەگوزەرێت، تەنها ناڕەزایەتییەکی کاتی نییە؛ بەڵکو یەکگرتنی دەنگی مامۆستایان، کرێکاران، خوێندکارانە . کاتێک دەبینین دایکی شاعیرێک لە ناوخۆ هەڕەشەی لێ دەکرێت و باوکی کرێکاری مێرمنداڵێکی کوژراو لە قوم شیوەن دەگێڕێت، ئاماژیە کە ئەو ڕاپەڕینە ڕەگێکی قووڵی لە ناو ئێش و ئازارەکانی خەڵکدا هەیە.
داواکارییەکەی "سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران" بۆ یەکگرتوویی هەموو پێکهاتەکان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە تەنها ڕێگەی ڕزگاری، یەکڕیزیی نەتەوەییە لە بەرامبەر ڕژێمێکدا کە تەنها زمانی سەرکوت دەزانێت.