لە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراودا،شەوی ڕابردوو یەکشەممە، ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، ڕژێمی ئێران بە چەندین درۆنی خۆتەقێن، هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی"سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران" و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، لە نێوان سەعات ١٢ بۆ ١ی نیوەشەودا، کەمپی بنەماڵەکانی سازمانی خەبات لە پارێزگای هەولێر بووە ئامانجی دوو درۆنی ڕژێم. ئەو هێرشە لە کاتێکدابوو کە ئەو شێونە شوێنی نیشتەجێبونی ژن و منداڵ و خێزانی سڤیل بوون. هاوکات لەگەڵ هێرشەکەدا، هێزەکانی هاوپەیمانان، توانیان چەند درۆنێک تێکبشکێنن بەڵام دوو لە درۆنەکان لە بنکەی سازمانی خەباتی داو بوە هۆی ئاگر کەوتنەوە و ئالۆزی ناوچەکە.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی هەولێر، لە بەرزاییەکانی "باشیک"، هێزی "شەهیدانی یەک شەوە"ی سازمانی خەبات ڕووبەڕووی هێرشێکی توند بوونەوە. لەو بەشەوە شەش درۆنی ڕژێمی ئێران بۆ سەنگەر و شوێنی جێگیربوونی ئەو هێزانە هاویژراون.
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو شەوە، تەنها سازمانی خەبات ئامانج نەبووە، بەڵکو بە گشتی ٣٦ درۆن و مووشەک بەرەو ناوچە کانی هەرێمی کوردستان هاویژراون، کە ئەمەش نیشانەی هێرشێکی بەرفراوان و هەمەلایەنەی ڕژێمە بۆ سەر قەوارەی هەرێم و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ڕژیمی ئێران.
خۆشبەختانە، سەرەڕای توندی هێرشەکان، هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەکانی سازمانی خەباتدا نەکەوتووەتەوە و تەنها زیانی ماددی بەر شوێنەکان کەوتووە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە فشارەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان. چاودێران پێیان وایە کە بە ئامانجگرتنی کەمپی بنەماڵەکان، نیشانەی بێهیوایی ڕژێمە لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسی و سەربازیی هێزە تێکۆشەرەکان، بۆیە پەنا دەبات بۆ بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و خێزانی تێکۆشەران.
تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و فەرماندەیی سازمانی خەبات لەسەر هێڵن بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتری دۆخەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گیانی پەنابەران و پێشمەرگەکان.