دوو کەشتی ئەمریکی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕین
ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" لە زاری سێ بەرپرسی ئەمریکییەوە ڕاپۆرتی دا، کە ڕۆژی شەممە دوو ناوشکێنی هێزی دەریایی ئەمریکا کە پڕچەک بوون بە مووشەکی ڕێنماییکراو، لە گەرووی هورمز تێپەڕین. ئەمە یەکەم تێپەڕبوونی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکایە لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لە کاتی تێپەڕبوونەکەدا هیچ کێشەیەک تۆمار نەکراوە و ئەم کارە وەک ئەرکێکی "ئازادیی کەشتیوانی" وەسف کراوە. ئەم بەرپرسانە ڕایانگەیاند کە ناوشکێنەکان یاوەریی (ئەسکۆرت) هیچ کەشتییەکی بازرگانییان نەکردووە.
ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ دیداری تیمە دانوستانکارەکانی ئەمریکا و ڕژیمی ئێران لە پاکستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست. دۆناڵد ترەمپ پێداگریی کردەوە کە دەبێت کردنەوەی گەرووی هورمز بەشێک بێت لە ڕێککەوتنی ئاگربەست.