ئورمیە؛ مامۆستایەکی کورد گیراوە و بێسەروشوێنە
لە درێژەی گیرانی چالاکانی مەدەنی و
پەروەردەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی لە شاری ئورمیە
لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە گیراوە.بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، (فرووزان ئیسلامی)، هاووڵاتیی کورد
و بەرپرسی ئەکادیمیای زمانی "نەوجەوان"، ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئێران
ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە پرۆسەی گرتنی ئەو خانمە
مامۆستایە، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی قەزای و یاسایی ئەنجام
دراوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆی گیران و ئەو تۆمەتانەی رووبەروی
فرووزان ئیسلامی کراون، لەبەردەستدا نییە، ئەمەش نیگەرانی لای خانەوادەکەی و
چالاکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.